سەرچاوەیەك لە نووسینگەی مالكی بۆ وێستگەنیوز: مالكی دەستی كراوەیە بۆ رەوتەكەی موقتەدا سەدر


وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیدەكاتەوە، دەستمان كراوەیە بۆ رەوتی سەدر بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر.


سەرچاوەیەك لە نووسینگەی نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی چوارچێوەی هەماهانگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "مالكی پێشوازی لە نزیكبوونەوەی نێوان ئێمە و رەوتی سەدری دەكات و چەندین جار وتوێتی ئێمە دەستمان بۆ رەوتی سەدری كراوەیە".

مالكی لە رێگای نووسینگەكەیەوە بۆ وێستگەنیوز وتیشی، "ئێمە و رەوتی سەدر سەر بەیەك قوتابخانەیەن، حزبی دەعوە و رەوتی سەدر هەر هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ محەمەد باقر سەدر، ئیتر بۆچی نزیك نەبینەوە كە سەر بەیەك قوتابخانە بین و یەك ئەرك و بەرپرسیارێتیمان هەبێت".

جەختیشیكردەوە، "بەردەوام من خۆشحاڵی خۆمم بۆ نزیكبوونەوەی رەوتی سەدر دەربڕیوە، وەك دەبیستم ئەوانیش ئارەزووی ئەوەیان هەیە لێكتێگەیشتن لەنێوانمان هەبێت، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ داواكارییەكم لەلایەن رەوتی سەردرەوە بەدەست نەگەیشتووە".

بەوتەی نوری مالكی، "دەستم كراوەیە بۆ رەوتەكەی موقتەدا سەدر، هەرچەندە ئەوانیش ئارەزووی خۆیان خستووەتەڕوو، بەڵام تائێستا وەڵامی فەرمیم لەلایەن ئەوانەوە بەدەست نەگەیشتووە".



PM:07:58:11/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت