سەرچاوەیەک بۆ میدیا عێراقییەکان: مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق


وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاشکرایکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید کردووە، هەروەها باس لە کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی دەکرێت لە کاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە.


ئەو سەرچاوەیە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایکردووەتەوە و بڕیاریداوە ئەو کاندیدە نوری مالیکی بێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وتوە، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەی داخراو لە نێوان سەرکردە دیارەکانی ناو چوارچێوەکەدا ئەنجام دراوە، لەو ماوەیەدا چەند ناوێک تاوتوێکران، بەڵام لە کۆتاییدا تەرازووەکە لە بەرژەوەندی مالیکی وەرچەرخاوە بە پشتبەستن بەو ئەزموونەی کە لە رابردوودا هەیبووە.

مالیکی کە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەیە، یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکان کە پێشتریش دوو خول سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.

هەروەها میدیا عێراقییەکان باس لە کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق دەکەن لە کاندید بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم زانیارییە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.


PM:09:43:10/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت