بۆچی لە مەراسیمی جەژنی كریسمس لە بەغدا مشتومڕ لەنێوان سودانی و پاتریاركی كلدانییەكان روویدا؟


وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو لەكاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی جەژنی كریسمس لەكڵێسای سانت جۆزێف لە بەغدا، كاردیناڵ لۆیس ساكۆ لەبەردەم محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "باس لە ئاساییكردنەوە دەكرێت، هیوادارم عێراق كە خاكی پێغەمبەرانە بەدواداچوون بۆ ئاساییكردنەوە بكات، وەك چۆن تەلمود لە بابل نووسراوە، پێویستە جیهان بێتە عێراق نەك شوێنی دیكە".


لەبەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی وەڵامی لۆیس ساكۆی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "وشەی ئاساییكردنەوە لە فەرهەنگی عێراقدا بوونی نییە، چونكە پەیوەستە بە قەوارەیەكی داگیركەرەوە كە زەوی و گەلی پێشێل كردووە، عێراق تەنیا پێویستی بە برایەتی و پێكەوەژیان هەیە لەژێر چەتری یاسا و دەستووردا".

دوای دروستبوونی ئەم مشتومڕە لە نێوان سودانی و کاردیناڵ لویس ڕافایل ساكۆ لەسەر وشەی "ئاساییکردنەوە" پاتریاركیی كلدان لە روونکردنەوەیەکدا وتی، "مەبەستی پاتریارك ساكۆ ئەوە بووە دەبێت هەمووان لەگەڵ عێراق ئاسایی ببنەوە، نەك لەگەڵ وڵاتێكی دیكە، چونكە حەزرەتی ئیبراهیم عێراقی بووە و عێراقیش وڵاتی ئایینەكان و زۆرێك لە پێغەمبەرانە".

هەروەها پاتریاك ساكۆ لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵی شەرقیە هەمان بیرۆكەی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "كاتێك بە وڵاتان وت، روو لە عێراق بكەن وەك خاكی شارستانیەتەكان و خاكی ئیبراهیم هانی گەشتیاری دەدات و پێگەی ئایینی و مێژوویی بەهێزدەكات، ئەمەش هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ بانگەوازێكەوە نییە بۆ ئاساییكردنەوە لەگەڵ لایەنێكی دیكەی دەرەوەی ئەم چوارچێوە".


PM:02:09:25/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو