لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە دەزگای هەواڵگیری روونکردنەوە دەدات
وێستگەنیوز-
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی کانونی یەکەمی 2025، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانونی یەکەمی 2025، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە".
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق هەواڵەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، "حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە."
دوێنێ شەممە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق".
بەرپرسێکی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "وڵاتێکی دۆست بەغدای لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن".
بەرپرسەکە ئاشکرای کردووە، "دوای گەیشتنی پەیامە عەرەبییەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیارییەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە".
دەزگای هەواڵگریی عێراق، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە هەیە.
AM:10:11:21/12/2025
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت