دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند كرد


وێستگه‌نیوز-

دادگای باڵای فیدراڵی پەسەند كردنى ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند.


دادگای باڵای فیدڕاڵی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دادگاکە لەکاتی پێداچوونەوە و وردبوونەوەدا، بۆی دەرکەوت کە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (خولی شەشەمی هەڵبژاردن) مەرجە دەستوری و یاساییەکانی خۆی جێبەجێکردووە".

روونیشیكردەوە، "بەو پێیەی هیچ شتێک نییە ئەنجامەكان پووچەڵ بکاتەوە و بە پشتبەستن بە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (93)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025/ خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ ئەو براوانەی کە ناوەکانیان لە لیستی هاوپێچکراوی نووسراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی پێکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەروەها دادگا بڕیاریدا هەرسێ دەسەڵاتەکە ئاگاداربکاتەوە لە بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کە لەم دانیشتنەدا بڕیاری لەسەردرا".

دووپاتی کردەوە "بڕیارەکە بە ژمارە (235/فیدراڵی/2025) لە 14/12/2025 دەرچووە بە ڕێککەوتن و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان جێبەجێی بكەن".


PM:02:08:14/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت