وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتوانی عێراق 46 ملیۆن كەسی تێپەر كردووە


وێستگەنیوز-

وەزیری پلاندانانی عێراق، ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراقی راگەیاند و ئاشكرای كرد 46 ملیۆنی تێپەر كردووە.


محەمەد تمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "دوای ئامادەكردنی زانیارییەكان و شیکردنەوەی ئەو داتایانەی لە رێگەی ئەم سەرژمێرییەوە دەستمان کەوتووە، کە یەکەمین سەرژمێرییە لەماوەی 37 ساڵدا، هەموو هاوڵاتیانی ناو عێراقمان سەرژمێری كردووە".

وتیشی، "دەستەی ئامار و زانیاری جوگرافی له رێگەی ئەم سەرژمێرییەوە زانیارییەكی زۆری بەدەستهێناوە که دەبێتە خاڵێك بۆ گەیشتن بە پلانەكانی گەشەپێدانی حكومەتی عێراق و كلیلێكی سەرەكی بۆ دانانی پڕۆژەكان لە شوێنی شیاوی خۆیاندا".

وەزیری پلاندانانی عێراق دووپاتیكردەوە، "بەپێی سەرژمێرییەكە خێزانەكانی عێراق ژمارەیان 8 ملیۆن و 54 هەزار و 385 خێزانە، ژمارەی گشتی دانیشتوانی عێراقیش بە غەیرە عێراقییەكانەوە كە نیشتەجێی عێراقن گەیشتووەتە 46.118.793 كەس و ژمارەی بیانییەكانی ناو عێراقیش 340.131 كەسن".

بەپێی ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراقی، لە 50.2% دانیشتووانەكەی نێرە و لە 49.8%ی دانیشتوانەكەی مێیە.




AM:10:50:26/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت