كەشناسی عێراق بۆ وێستگەنیوز: ئەم شەپۆلە كۆتاییهات و بارانبارینێكی تر بەڕێوەیە


وێستگه‌نیوز –محەمەد فاتیح

یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی روویكردە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كۆتاییهات و تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە كەشوهەوا سەقامگیر دەبێت.


سادق عەتییە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ وێستگەنیوز پێشبینی كرد، "لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەم مانگە تشرینی دووەم و دەستپێكردنی مانگی كانونی یەكەمی داهاتوو، گۆڕانكاری لە كەشوهەوا دروست دەبێت و لە ئەوروپاوە روومان تێدەكات و كاریگەری بۆ سەر هەموو ناوچەكە دەبێت بە هەرێمی كوردستان و عێراقیشەوە".

ئاماژەشیكرد، "تاوەكو ئێستا كاریگەرییەكانی زۆر روون نین، بەڵام دەبێتە هۆی كەشێكی باراناوی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەگەر چی ناتوانین لەئێستاوە پێشبینی ئەوە بكەین كە بارانەكە بەهێز دەبێت یاخود نا".

سادق عەتییە وتیشی، "لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی بارانبارینەكە، بەرچاو روونی زیاترمان دەبێت و وردەكاریەكانی بڵاودەكەینەوە".


PM:12:54:17/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت