راوێژكارێكی هه‌ڵبژاردن پێشبینییه‌كانی‌ بۆ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز – 
راوێژكاری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بۆ كاروباری‌ هه‌ڵبژاردن پێشبینی‌ ده‌كات لایه‌نه‌كانی‌  شیعه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی‌ عێراقدا 183 كورسی به‌ده‌ست بهێنن، ده‌شڵێت: "هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ به‌ 19 كورسی‌ پێش هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ ده‌كه‌وێت".


كه‌ریم ته‌میمی، راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بۆ كاروباری‌ هه‌ڵبژاردن پێشبینی كرد كه‌ پارت و هێزه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت، 183 كورسی به‌ده‌ست بهێنن.

ته‌میمی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كات هاوپه‌یمانی "ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان" به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق 50 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، هاوپه‌یمانی "ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی، 31 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت. بزووتنه‌وه‌ی "سادیقون" به‌ سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" 22 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ پێشبینی ده‌كرێت هاوپه‌یمانی "هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت" به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم 18 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، ڕێكخراوی "به‌در" به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، 14 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت و هاوپه‌یمانی "خزمه‌تگوزارییه‌كان"یش 10 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و راوێژكاره‌، هاوپه‌یمانی "ته‌سمیم" 9 كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، "ئه‌بشیر یا عێراق" 7 كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هاوپه‌یمانی "ئه‌ساس" 6 كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

راوێژكاری پێشووی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ هه‌ڵبژاردن پێشبینیشی‌ كردووه‌ هاوپه‌یمانی "به‌دیل" 5 كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت، بزووتنه‌وه‌ی "حقوق" 3 كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌مه‌ش كۆی كورسییه‌كانی حزب و هاوپه‌یمانییه‌ شیعییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌گاته‌ 175 كورسی.

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت "ئیشراقه‌ت كانون" 5-6 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ په‌رشوبڵاوه‌كانی دیكه‌ كه‌ 3 كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌مه‌ش كۆی كۆی كورسی لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌گاته‌ 183 كورسی.




PM:11:19:05/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو