روانگەی عێراقی‌ سەوز: بارانبارین دوا بكەوێت یەدەگی ئاوی عێراق بۆ كەمتر لە 4% كەمدەبێتەوە


وێستگه‌نیوز –
روانگەی عێراقی‌ سەوز رایگەیاند، عێراق پێویستی بە زیاتر لە سێ مانگ بارانبارین هەیە بە رێژەیەكی بەرز، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و بەنداوەکانیش کە نزیكن لە بەتاڵ بوونەوەی تەواوەتی.


روانگەی عێراقی‌ سەوز لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، حکومەتی ئێستا پرسی ئاوی بەتەواوەتی لەبیرکردووە لە بەرامبەر دۆسیە سیاسی و ئابوری و ململانێکان، ئەمەش وایکردووە لەئێستادا توندتر ببێتەوە، بەجۆرێک وشکەساڵی کاریگەری نەک تەنها بۆ پارێزگارەکانی باشوور هەیە، بەڵکو دەستیکردووە بە پەلهاوێشتن بۆ ئەوەی بگاتە ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری بەغدا و ئەوانی تر.

هۆشداریشیدا، دۆخی ئاو لە خراپترین ئاستیدایە، عێراق ماوەی 90 ساڵە رووبەڕووی قەیرانی لەمجۆرە نەبووەتەوە، بە دانپێدانانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووه، ئەگەر بارانبارین لە بەغدا و پارێزگاکان دوابکەوێت، رەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا یەدەگی ئاو بۆ کەمتر لە 4% کەمببێتەوە.

دووپاتیشی کردەوە، کە رەنگە بارانبارین بە رێژەی جیاواز پرسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات و بەنداوەکان چارەسەر نەکات، چونکە عێراق پێویستی بە لانیکەم زیاتر لە 3 مانگ بارانبارین هەیە بە ڕێژەیكی زۆر، تاوەكو بەشی وەرزی هاوینی داهاتوو وکشتوکاڵ و بۆ بەکارهێنان بكات.


PM:03:29:01/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو