ئەمریکا کارکردنی گروپە چەكدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەستوەردانی ئێرانیش لەناو عێراقدا رەتدەکاتەوە


وێستگەنیوز_

مارك ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق رایگەیاندووە، ئەو گرووپە چەكدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن، جێگایان لە عێراقدا نییە و دەستوەردانی ئێرانیش رەتدەكەینەوە.

مارك ساڤایا، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردوودا سەركردایەتی عێراق هەنگاوی گرنگی ناوە و وڵاتی لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە گەڕاندووەتەوە سەر رێگای راست و عێراق خەریكە دەبێتەوە بە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری.

ئاماژەشی بەوە كردووە، سەركردایەتی عێراق كار لەسەر كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی دەرەوە دەكات و چەكەكان دەگەڕێنێتەوە دەستی حكومەت و بازاڕەكانی بەڕووی كۆمپانیا جیهانییەكان كردووەتەوە، بەڵام كارەكان تەواو نەبوون لە عێراق و پێویستی بە پاڵپشتی بەردەوام هەیە، تاكو لەسەر ئەم رێگایە بمێنێتەوە.

نێردەكەی ترەمپ بۆ عێراق هۆشداریشیدا، حكومەتی ئەمریكا بە ئاشكرا رونیكردووەتەوە، كە جێگای ئەو گرووپە چەكدارانە نابێتەوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن و سەقامگیری عێراق و خۆشگوزەرانی پەیوەستە بە یەكخستنی هێزە ئەمنییەكان لەژێر سەركردایەتی یەك حكومەتی یەكبوون و سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكان و یەك ئاڵا، كە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەكان بكات، بەبێ‌ ئەم یەكبوونە سەروەری عێراق و پێشكەوتنی بەردەوام لە مەترسیدا دەبن.

وتيشى، بەرژەوەندییە بەرفراوەكانی گەلی عێراق و ناوچەكە پشت بە سەروەری تەواوەتی بۆ عێراق دەبەستێت، كە خاڵی بێت لە دەستوەردانی پیسی دەرەكی لەوانە ئێران و بریكارەكانی.

باسی لەوەشكردووە، دەبێت عێراق خۆی تەرخان بكات بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی و بەئاشتی لەگەڵ دراوسییەكانیدا بژی و یەكبوون و هاوكاری لە نێوان دەسەڵاتدارانی ناوەند و هەرێمیش گرنگە، تاكو گەرەنتی ئاسایشێكی بەردەوام و گەشەیەكی ئابووری و یەكگرتنی نیشتیمانی بكەین.

دووپاتیشی كردووەتەوە، "عێراق هەمیشە گرنگه بۆ ناوچەكە و بۆ ئەمریكا و بە یەكێك لە بەهێزترین و خۆشەویسترین هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دەمێنێتەوە، منیش پابەندم بەوەی ئەم پەیوەندییە زیاتر پتەو بكەم و شەرف مەندم كە ئەم رۆڵە وەردەكرم وەك نێردەی ئەمریكا."


AM:09:50:31/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت