شوێنەوارەكانی عێراق كە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ رووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون بوونەتەوە
وێستگەنیوز_
بەرپرسانی عێراق زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن، بۆ رزگارکردنی شوێنەوارەکان کە شارستانییە کۆنەکان لەخۆدەگرێت و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و لەئێستادا رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کە هەڕەشە لە شارە دێرینەکانی باشووری عێراق دەکات.
سكای نیوز، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی وشک و سەختی کەشوهەواوە خاکەکە تادێت سوێر دەبێت و زیان بە شوێنەوارە مێژووییەکان دەگەیەنێت وەك ئور، کە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە، هەروەها بابل کە سەردەمانێک پایتەختی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان بووە.
ئاماژەشی كردووە، پاشماوەی خوێ خەریکە ئەو خشتە قوڕاوییانە دەخۆن، کە بریتییە لە گۆڕستانی شاژنی ئور و شوێنەوارناسی بەریتانی سێر لیۆنار وولی لە ساڵانی بیستەكانی رابردوو دۆزییەوە و ئێستا مەترسی داڕمانی لەسەرە.
کازم حەسون، پشکنەر لە بەشی دێرینەکان لە زیقار دەڵێت، "ئەم خوێیانە لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا دەركەوتن و بوونە هۆی لەناوچوونی بەشە گرنگەکانی گۆڕستانەکە، لەگەڵ لەناوچوونی بەشەکانی تری شوێنەوارەكانی شاری ئور".
وتيشى، ئەم گۆڕانکارییانە لە کەشوهەوا یان وەک ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین تووندبوونی کەشوهەوا، لە ئێستادا هەموو باڵەخانەکانی شاری ئور لەناو دەبەن، لە ئەنجامی ئەوەی رووبەڕووی سوێری و ئاوی ژێرزەوی دەبێتەوە، ئەمە جگە لە گەرمای زۆر و وشکەساڵی گشتی لە ناوچەکەدا و ئەم سوێرییە دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی هەموو خشتە قوڕەکانی ناو ئەم گۆڕە.
بەپێی راپۆرتەكە، تەپۆڵکە خۆڵەكان بوونەتە هۆی تێکچوونی دیوی باکووری زەقورەی ئور، کە پەرستگایەکی هەرەمی زەبەلاحە و زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر تەرخانکراوە بۆ خوداوەندی نانای مانگ.
عەبدوڵڵا نەسروڵڵا، شوێنەوارناس لە بەشی دێرینەکان لە پارێزگای زیقار کە شاری ئوری لێیە، باسی لە نەمانی بەشێک لە چینی دووەمی زەقورەی ئور کرد، بەتایبەت بەرزی زەقورەكە بە بەرزی 27 مەتر و لەئێستادا تەنها 17 مەتری ماوەتەوە.
روونیشیكردووەتەوە، چینی دووەمی رووبەڕووی هەڵوەرین بووەتەوە و چینی سێیەمیشی پێشتر بەهۆی کەشوهەوا و گۆڕانی کەشوهەوا هەڵوەریوە، بەڵام وەرینی زەوی لە چینی دووەمی زەقورە دەستیپێکردووە.
راپۆرتەكەی سكای نیوز باسی لەوەشكردووە، كه لە بەرزاییەكانی رووباری فوراتیش، شوێنەوارەکانی بابلی کۆن لە مەترسیدان.
مونتەسر حەسناوی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند، ئێستا کێشەی سوێری لە ئاوی سەرزەویدا زیاد دەکات و لە ئەنجامدا لە ئاوی ژێر زەویدا کاریگەری سوێری خاکی لەسەر دەبێت، کە چڕبوونەوە زیاد دەکات و لە ئەنجامدا رەنگە ببێتە هۆی نەمانی زۆرێک لەو شارانەی کە هێشتا لە ژێر زەویدان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە زەنگی مەترسی بۆ ئەم شوێنەوارانە لێبدرێت و وریایان بین.
PM:04:45:30/10/2025
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت