ئەندامێكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران: 50 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان و موسڵ لە نەهامەتیدا دەژین


وێستگه‌نیوز _

ئەندامێكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشداری دەدات لە خراپبوونی 50 هەزار خێزانی ئاوارە، كە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و موسڵ ژیان بەسەر دەبەن.

شەریف سلێمان، ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 50 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان و موسڵ كە 20 هەزاریان لەناو كەمپدان و 30 هەزاریان لە دەرەوەی كەمپدان، دەناڵێنن بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانەوە، وەك كارەبا و خۆراك و ئاو، لەگەڵ خراپی باری گوزەرانیان.

دەشڵێت: نیشتەجێكردنی ئەم خێزانانە لەم شوێنەی ئێستایاندا، سەرپێچییەكی دەستووری و دیمۆگرافی مەترسیدارە، بەتایبەتی لەگەڵ پەكخستنی رێكکەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان.

جەختیش دەکاتەوە لەوەی، پەكخستنی رێکكەوتنی شنگال، بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانەكە و بەردەوامبوونی نەهامەتی خێزانە ئاوارەكان.

بە وتەی شەریف سلێمان، 18 كەمپ لە دهوك و هەولێر هەیە و 24 كەمپی تریش لە موسڵ، كە بە دەیان هەزار خێزانی ئاوارەی لەخۆگرتووە، لەكاتێكدا 30 هەزار خێزانی ئاوارەی تر لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە دۆسیەی ئاوارەبوون چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.


AM:10:17:28/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو