پەرلەمانتارێك: داوا له ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكەین حاڵەتی نایاسایی ئاو رابگەیەنێت


وێستگه‌نیوز–

یوسف كیلابی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، بەهۆی قەیرانی وشكەساڵییەوە حاڵەتی نایاسایی ئاو لە وڵاتدا رابگەیەنێت و پلانێكیش بۆ چارەسەركردنی ئامادە بكات.


یوسف كیلابی، لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراقی كردووە رایگەیاند، "بە گرنگی دەزانین راگەیاندنی حاڵەتی نایاسایی ئاو لە عێراقدا، بخرێتە بەردەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران".

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق درك بەو مەترسیانە دەكات سەبارەت بە قەیرانی نەبوونی ئاو و كاریگەری لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیان، لەوانە ئاوی خواردنەوە و توێژی كرێكاران لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا.

بە پێویستیشی زانى، پلانێك دابنرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە و قەرەبووی جووتیارانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بكرێتەوە، بۆ تێپەڕاندنی مەترسییەكانی سەر كشتوكاڵی بۆ وەرزی ئێستا و داهاتووشیان، هەروەها دابینكردنی تەنكەری ئاو بۆ گەیاندنی بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان پێ‌ ناگات بۆ رێگری كردن لە كۆچی پێچەوانە بۆ شارەكان.

پێشر د. تۆرهان موفتی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئاو بە وێستگەنیوزی راگەیاند، كە ماوەی چەند رۆژێكە پلانێكیان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاو دەستپێكردووە و رێكارەكانیان گرتووەتەبەر.


PM:08:28:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت