حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی گەیاندن دەركرد
وێستگەنیوز-
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەپێناو رێكخستنەوەی بازاڕی كاردا و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتی كار دەكەن، چەندین راسپاردە پەسەند كراون و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان كردووە بەجێبەجێكردنی.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەكەی سودانی راسپاردەكان ئەم خاڵانەی خوارەوەی لەخۆگرتووە:
-دامەزراندنی سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن (دیلیڤەری) بەپێی بڕگەکانی یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکان ژمارە (52ى ساڵی 1987)، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ببێت به نوێنەری فەرمی ئەم توێژە.
-تۆمارکردنی شۆفێرانی گەیاندن لە دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی پاراستنی حکومی بیانگرێتەوە.
-ئامادەكردنی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
-ئاسانکاریكردن بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی کرێی تۆمارکردنیان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ وێستگەكانی بەنزینخانە بەپێی ڕێسای دیاریكراو.
-وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکرێن، کە لە کاتی دەوامی شەوانەدا هاوکاری ئەمنی پێشكەش بە شۆفێران بکەن.
-دابینکردنی قەرزی بچووک و ئاسان لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان.
-داواکردن لە کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان کە پابەندبن بە کاتی کارکردن و کرێی کارکردن، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کار.
-فەرمانگە تایبەتەكان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، و فەرمانگەی بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگە پەیوەندیدارەكان بە خزمەتگوزاری گەیاندن، و لە ماوەی (60) رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
PM:04:29:20/10/2025
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت