راپۆرتێك لەسەر خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق: خراپترین و لاوازترینە


وێستگەنیوز_

راپۆرتێكی روانگەی پەرلەمانی رایدەگەیەنێت، كە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2022 - 2025) لاوازترینە، كە لە ساڵی 2005وە هێندە لاواز نەبووە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێنجەمیدا تەنها 148 دانیشتنی بەستووە و كەمترین كاتژمێر كاری كردووە لە هەموو مێژووی خۆیدا، كە دەگاتە 194 كاتژمێر و 42 خولەك.

ئاماژەشی كرد، هیچ دانیشتنێكی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا نەبەستووە و بۆ 20 جار دوايخستووە و 116 دانیشتنیشی ئەنجام نەداوە، كە بڕیاربووە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ببەسترێت.

راپۆرتەكە ئامادەنەبوونێكی بەرزی تۆماركردووە كە گەیشتووەتە 156 پەرلەمان بۆ هەر دانیشتنێك، لەگەڵ بڵاونەكردنەوەی خشتەی ئامادەبووان و ئامادەنەبووان و لێ‌ نەپرسینەوە لە ئامادەنبووان.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە درێژایی خولی پێنجەمی، 69 یاسای پەسەند كردووە، ئەمەش كەمترین ژمارەی پێوانەییە لە ساڵی 2005وە، هەروەها نۆ لیژنەی پەرلەمانی لە ماوەی سێ‌ ساڵدا هیچ یاساییەكیان تەواونەكردووە و 76 پەرلەمانتار هیچ چالاكییەكیان نەبووە.

بەپێی راپۆرتەكە، پەرلەمانی عێراق تەنها دوو دانیشتنی كردووە بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە و چەندین دۆسیەی بانگهێشتكردنی گەورە بەرپرسانی پشتگوێ‌ خستووە یەكێك لەوانە بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كە چەندین سەرپێچی كراوە لە پێكهێنان و كاری لیژنە پەرلەمانییەكاندا وەك ئامادەنەبوونی سەرۆك و نوێنەرانی سەرۆكی هەندێك لە لیژنەكان و پابەند نەبوونیان بە ژمارەی دیاری كراوی ئەندامەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، لەگەڵ ناهاوسەنگی لە دابەشكردنی كورسی پەرلەمانتارەكان بەپێی پارێزگاكان.

روانگەی پەرلەمانی پێی وایە، پەرلەمانی ئێستای عێراق خراپترین خولی بۆ خۆی تۆماركردووە لە مێژووی خۆیدا لە رووی پابەندبون و قەبارەی بەرهەمی یاسایی و كاری چاودێرییەوە، ئەمەش وەك راپۆرتەكە باسی دەكات، كشانەوەیەكی مەترسیدارە لە رۆڵی دامەزراوە یاساییەكان و لاوازی لە چاودێریكردنی دەسەڵاتداری جێبەجێكار.


PM:03:52:19/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو