یارییەکانی پەبجی و فۆرتنایت و رۆبلۆکس لە عێراق قەدەغەدەکرێن
وێستگەنیوز-
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، یارییەکانی پەبجی و فۆرتنایت و رۆبلۆکس لە عێراق قەدەغەدەکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، مەنسور عەلی، یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری پۆلیس بە رووداوی راگەیاندووە، "لەم چەند مانگەی داهاتوودا دەستدەکرێت بە بلۆککردن و وەستاندنی یارییە ئەلیکترۆنیەکانی وەک پەبجی، فۆرتنایت و رۆبلۆکس، چونکە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەفیڕۆدانی پارە و کاتەکانی منداڵان و هەرزەکاران".
ئاماژەی بەوەکردووە، "قەدەغەکردنی ئەو یارییانە بە پشتبەستن بە بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2013 دەبێت، کە هاوردەکردن، بەرهەمهێنان، مامەڵەکردن و فرۆشتنی ئەو یارییانەی کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی و ئەو یارییە ئاگرینانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن، قەدەغە کردووە".
یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری پۆلیس ئەوەشی وت، "لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی، لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی بۆ رێکخستنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان، دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم یارییە ئاگرین و تووندوتیژانە".
بەپێی ئەو یاساییە بێت هەر کەسێک هاوردە یان بەرهەمهێنان، یان مامەڵە و فرۆشتن بەو یارییانە بکات، کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی یان یارییە ئاگرینە مەترسیدارەکان، سزای بەندکردن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ یان پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی بەسەردا دەسەپێنرێت.
مەنسوور عەلی وتیشی، "ساڵی رابردوو زیاتر لە تۆن و ئەم ساڵیش تاوەکو 4 بۆ 5 تۆن یاریی ئاگرین دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بریندار بوون، کە بەشێکیان برینەکانیان قورس بووە".
PM:07:46:16/10/2025
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت