راوێژكاری سوودانی بۆ وێستگەنیوز: چەند كارگەیەكی دەرمانسازی ناوخۆیی دەستیان بە دروستكردنی دەرمانی شێرپەنجە كردووە
وێستگەنیوز_
رێژەی دەرمان كڕین و كارگەكانی دەرمانسازی ناخۆیی لە عێراق زیادیان كردووە، كە پشكی هەرێمی كوردستانیشی لێ دابین دەكرێت.
د.حەمودی لامی، راوێژكاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری پیشەسازییەكانی دەرمانسازی، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، پێنج كارگەی دەرمانسازی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی خوێن و ڤایرۆسەكان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەندێكیان لە ماوەى چەند هەفتەی رابردوودا دەستیان كردووە بە دروستكردنی دەرمان و هەندێكی تریشیان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمەكانیان دەخەنە بازاڕەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، 19 كارگەی دەرمانسازی لە قۆناغی دامەزراندندان و هەندێكیان رێژەی دروستكردنیان گەیشتووەتە 90% و پێشبینی دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی كارگەكانی دەرمانسازی ناوخۆیی عێراق، لە 22 كارگەوە لە كۆتایی ساڵی 2022، بۆ 34 كارگە لەئێستادا زيادى كردووه، كە بە ئەوپەڕی توانایان كار دەكەن.
بە وتەی راوێژكارەكەی سودانی، عێراق ساڵانە بە بڕی سێ بۆ پێنج ملیار دۆلار دەرمان بەكار دەهێنێت و ژمارەی دەرمانە تۆماركراوەكان زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە، لە 1337 دەرمانەوە لە كۆتایی ساڵی 2022، بۆ 2078 دەرمان لەئێستادا.
دەشڵێت: زۆربەی ئەو دەرمانانەی لە كۆتایی سێ ساڵی دواییدا تۆماركراون، خۆی لە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەبینێتەوە، وەك زەخت و شەكرە و دڵ و هاوڵاتییان دەتوانن بە نرخێكی گونجاو بەدەستی بهێنن.
باسی لەوەشكرد، دەستمان كردووە بە زیادكردنی تەكنەلۆژیا بۆ ژمارەیەكی زۆر لە دەرمانەكان، وەك دەرمانەكانی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی خوێن و چاوەڕوان دەكرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئەم پڕۆسەیە تەواو ببێت.
AM:08:39:16/10/2025
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت