جومانە غەلای: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دواناکەوێت


وێستگەنیوز-

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دواناکەوێت و لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، "هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە هیچ شێوەیەک دواناکەوێت و لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "لەکۆى سێ ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت، ملیۆنێک و 300 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە".

جومانە غەلای وتی، "کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی دابەشکردنی کارتی نوێی دەنگدانە، بەو ئامانجەی زۆرترین دەنگدەر بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات".

بەپێی ئەو وادەیەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دیاریکردووە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدەرێت و كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئامادەكاریی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.


AM:09:51:14/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت