وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق پێشوازی لەو هەوڵانە دەکات کە بوونەتە هۆی رێککەوتنی ئاشتیی غەززە


وێستگەنیوز-

عێراق پێشوازی لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بوونەتە هۆی رێککەوتنی ئاشتی غەززە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی رێککەوتنی ئاشتی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "عێراق پێشوازی لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بوونەتە هۆی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی سڤیل و هێنان کایەی سەقامگیری دووپات دەکاتەوە، هەروەها مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەستەبەر دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە ئاگربەستی خێرا و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ گرفت بۆ ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە فەراهەم بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، "ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەی سەر غەززە رێککەوتوون، کە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل تاوەکو شوێنی دیاریکراو و راگرتنی شەڕ لەخۆدەگرێت".


PM:03:43:09/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت