کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سێ کاندیدی دوورخستەوە


وێستگەنیوز_

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ کاندیدی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
 
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی سەجاد سالم حوسێن شاتی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە.
 
بڕیارەکە بەگوێرەی ماددەی (7/دووەم) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018 دراوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە سەجاد سالم "بە ئاشکرا سووکایەتی بە کەژاوەی حوسێنییەکان و بەشداربووانی مانگی موحەڕەم کردووە.''
 
سەجاد سالم، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەسەر لیستی "هاوپەیمانیی بەدیل"  لە پارێزگای واست کاندید کردبوو، لە هەڵبژاردنی رابردوودا، وەکو بەربژێرێکی سەربەخۆ توانیبووی 10,291 دەنگ بەدەستبهێنێت و چووە پەرلەمان.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بێجگە لە سەجاد سالم، کۆمیسیۆن هەریەک لە رابیعە عەباس قاسم و محەممەد گتوف مەنسوور عەنبەر، لە هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی و لە بازنەی بەغدا، دوورخستووەتەوە، کاندیدێکی دیکەش بەناوی زیکرا مەهدی سەلمان گەڕێندراوەتەوە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن، جگە لەوەش هەشت کاندیدی جێگرەوەی دوورخراوەکان کێشەی بەڵگەنامەیان هەیە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سێ رۆژ مۆڵەتی پێداون بۆ تەواوکردنیان، بەپێچەوانەوە ناوەکانیان دەسڕدرێتەوە.


AM:11:10:08/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت