وەزیری نەوتی عێراق: حکومەتی عێراق زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرگرتووە
وێستگەنیوز-
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی بە عێراق داوە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی راگەیاند، "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دوای وەستانێکی زیاتر لە دوو ساڵ، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هێڵی بۆریی عێراق - تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمە یەکەمجارە حکومەتی فیدراڵی، نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم وەربگرێت و خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان بکات".
وەزیری نەوتی عێراق وتی، "ئەو بڕە نەوتەی تائێستا وەرمانگرتووە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل".
وتیشی، "یەکەم کەشتیی نەوتهەڵگر بە باری 650 هەزار بەرمیلەوە لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە".
باسی لەوەشکردووە، "بارکردنی ئەم کەشتییە تەواو دەکرێت و بەرەو ئەو شوێنەی کە گرێبەستی لەسەر کراوە بەڕێدەکەوێت، ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ بودجەی گشتیی دەوڵەت".
رۆژی شەممە 27ی ئەیلولی 2025، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد.
PM:04:37:04/10/2025
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت