سەرۆك كۆماری عێراق: حكومەت و ئەمریكا لە دانوستاندان بۆ بڕیاردان لەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق


وێستگەنیوز-
سەرۆك كۆماری عێراق، لە دیدارێكی ڕۆژنا مەوانیدا باسی لە چەندین پرسی‌ گرنگی پەیوەست بە عێراقەوە كرد، لەوانە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.


عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس ڕایگەیاند، بڕیاری مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لای حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانە و حكومەتی عێراق و ئەمریكا لەئێستادا لە دانوستاندان لەسەر ئەم بابەتە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رونیكردەوە، گەشبینین بەئاشتییانە و بەشێوەیەكی دیموكراسی بەڕێوەبچێت، وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو، ڕێكارێكی زۆریشمان گرتووەتەبەر، تاكو بەشێوەیەكی ئازادانە و دیموكراسییانە بەڕێوە بچێت.  

وتیشی‌، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران، لەهەموو بوارەكاندا باشە، بەهەمان شێوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكاشدا باشە و خوازیارین پەیوندی بازرگانی بەهێزترمان هەبێت و هاوكاریمان هەبێت لە بوارەكانی وزە و ژێرخان و ڕێگاوبان و پرد و كشتوكاڵی.

سەرۆك كۆماری عێراق، پێشوازی لە بڕیاری حزبی كرێكارانی كوردستان كرد، بۆ داماڵینی چەكەكانی و هیوادارە چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ ئەم كێشە سەربازی و سیاسییە بدۆزرێتەوە و بگەنە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی توركیادا.


PM:04:38:01/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت