"سیستانی رەتیكردووەتەوە لە پرسەی هاوسەرەكەی چاوی بە بەرپرسە سیاسییەكان بكەوێت"


وێستگەنیوز_

هاوسەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق شەوی 28ـی ئەیلولی 2025، کۆچی دوایی کرد و بەرەبەیانی رۆژی دواتر رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە مزگەوتی شێخ توسی لە ناوەڕاستی نەجەف بەڕێوەچوو، هەروەها تەرمەکەی لە گۆڕستانی وادی سەلام بەخاکسپێردرا و پرسەکەشی لە مزگەوتی خەزرا لە نەجەف بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، لە کاتی پرسەکەیدا، بەرپرسە باڵاكانی عێراق هەوڵیان داوە، چاویان به ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كانی‌ عێراق بكەوێت، بەڵام ناوبراو ڕەتیكردووەتەوە.

هادی جەلۆ مەرعی، سەرۆكی دەستەی شرۆڤەكارانی سیاسی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، عەلی سیستانی ڕەتیكردووەتەوە لە پرسەی هاوسەرەكەی، كە لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، پێشوازی لە گەورە بەرپرسانی سیاسی عێراق بكات.

بە وتەی هادی جەلۆ، ڕەتكردنەوەی سیستانی كە نایەوێت چاوی سیاسییە عێراقییەكان بكەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هەڵوێستی چەند ساڵەی لەمەوبەری مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كانی‌ عێراق، كە بەرپرسە سیاسییەكان ئارەزووی چاوپێكەوتن دەكەن لەگەڵ سیستانی، بەڵام هیچ ڕەزامەندییەكی لەوباریەوە نەداوە و ڕەتیدەكاتەوە.

بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری کۆچکردنی هاوسەری سیستانی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی چەند میدیایەکی عێراقی، ناوبراو بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەست نەخۆشیی درێژخایەنەوە ناڵاندوویەتی و سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر، لە ماوەی رابردوودا باری تەندروستیی زیاتر خراپ ببوو.

هاوسەری کۆچکردووی عەلی سیستانی؛ ناوی کەریمەیە و کچی ئایەتوڵڵا میرزا حەسەن شیرازییە.


PM:03:57:30/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو