موقتەدا سەدر هەڕەشە لە لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق دەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا ەڕەشە لە لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق دەکات و بە لاواز و گەندەڵ تاوانباریان دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەڕەشە لە لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق دەکات و نووسیویەتی، "ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق کە بەبێ بەشداری رەوتی نیشتمانیی شیعە دەکرێت، ئەمەش بووەتە مایەی ترسی بەشداران و وای لێکدەدەنەوە کە رەوتی نیشتمانیی شیعە بەزۆر، رێگریی لە گەیشتنە سندوقەکانی دەنگدان دەکات، هەروا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە رەوتەکە ئاژاوە و ئاڵۆزیی دەنێتەوە بۆ تێکدانی هەڵبژاردن".

ئاماژەی بەوەکرد، "دیارە هەر کەسە و گوێز لە هەمبانەی خۆی دەژمێرێت، چونکە ئەگەر بە دەستی ئەوانە بوایە، لەوە خراپتریان دەکرد، بەڵکو هەندێکیان هیواخوازن هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا نەکرێت، چونکە لە ئەنجامەکانی دڵنیان و دەزانن لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە یان دەستکەوتیان تێدا نابێت، ئاخر ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان پێش پرۆسەی دیموکراسی ئەگەر هەبێت دەخەن".

سەدر دەڵێت، "لەگەڵ دڵەڕاوکێی خەڵک چەندین سیناریۆ دروستکراوە کە گوایە رەوتی سەدر بەبەکارھێنای ھێز رێگە نادەن بگەنە سندوقەکانی ھەڵبژاردن، یاخود وتراوە، ڕەوتی سەدر فیتنە دروست دەکات بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ ھەڵبژاردن نەخوڵقێت و بەلایەنگرییە ملیۆنیەکەی دێتە سەر شەقام و خۆپیشاندان دەکات".

دەشڵێت، "ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوانە هێشتا تیرەکانیان ئاراستەی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەکەن، هەرچەند رەوتەکە وازی لە بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هێناوە و ئەو هەڵبژاردنە شێواوەی بایکۆت کردووە، کە گەندەڵان و دۆڕاوەکان کۆنترۆڵیان کردووە".

ئەوەشی نووسیوە، "دیارە بەرد بۆ لقی بەردار دەهاوێژرێت، ئەوانیش زڕ و بێسوود و هەلپەرستن، بۆیە کەس بایەخیان پێ نادات، با هەمووان لە ڕۆژانی پێش هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردندا چاوەڕێی هەڵپە و پەلەقاژەی عاشقانی کورسیی دەسەڵات بن".

سەرد ئەوەێ خستەڕوو، "ئێوە ئەگەر گرژی و ئاڵۆزیتان دەوێت، ئەوا ئێمە کوڕی ئەو مەیدانەین و لێی ناترسین، هەڕەشەکانتان لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کۆتاییان دێت. دڵنیابن ئەنجامەکان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانتان دەبێت، گەل هۆشیارە و نیشتمانیش پارێزەری خۆی هەیە".

سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ئاماژەی بەوەداوە، "ئێوە ئەگەر عەقڵ و تێگەیشتنتان هەبووایە، دەبوو واز لەو کاڵفامییەتان بهێنن و بڕواننە ئەو هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییانەی لە گەل و خاکی عێراق دەکرێن. چەک لە دەستی خەڵکانی نابەرپرسدایە و دەزگا ئەمنییەکان بێسەرپەرشت ماونەتەوە. بە تایبەت حەشدی شەعبی، کە سیاسەتمەداران لە تێپەڕاندنی یاساکەی پاشگەز بوونەوە. وشکەساڵی، پیسبوونی ژینگە، قەیرانی کارەبا، خراپیی دۆخی پەروەردە، سستی پاسەوانیی سنوورەکان و دۆسییەی تەندروستی و شەڕی نێوان عەشیرەتەکان، هەموو ئەمانە خوێنی عێراق و گەلەکەی دەمژن و ئێوەش سەرقاڵی گەندەڵی و خۆتێرکردنن".

لە کۆتایدا رایگەیاندووە، "مەترسییەکانی سەر عێراق، تەنیا مەترسی نیشتمانی نین، بەڵکو مەترسین لەسەر ئاین و بڕوا، ئەوە ئەرکی شیعەکانە بەرەنگاری ئەو مەترسیانە ببنەوە، بەڵام ئاشکرایە ئێوە لە کوێ و شیعە لە کوێ؟".


PM:03:58:29/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو