سودانی: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن چارەسەر نییە و دەبێتە دیارییەک بۆ گەندەڵکاران
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێتە دیارییەک بۆ گەندەڵکاران، ئاماژە بەوەشدەکات، بەشداریکردنی هەمووان گرنگە لە هەڵبژاردن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لە ژمارەیەک سەرۆک هۆز و کەسایەتی رایگەیاندووە، "بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان چارەسەر نییە و دەبێتە دیارییەک بۆ گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی کە خزمەتی وڵات ناکەن".
ئاماژە بەوەشدەکات، "گرنگە هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنەكەی مانگی 11ی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقدا بكەن و بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان، بڕینی نیوەی ئەو رێگەیەیە كە بەرەو ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن دەچێت".
سودانی دەڵێت، "ئێستا وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر عێراقە كە وڵاتێكی پارێزراو و گەشەسەندووە، هەر ئەوەش وایكردووە چەندین كۆمپانیای گەورەی جیهان وەبەرهێنانیان هێناوەتە عێراق و گۆڕانكاریی گەورەی ئابووریش لە وڵاتدا بەدیهێنراون".
دەشڵێت، "دەستپاکی یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکان بۆ کاری سیاسی، و زۆر گرنگە بەرژەوەندی گشتی لە پێشینەی بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنرێت".
PM:02:00:19/09/2025
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت