هاوردەکردنی 44 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵ بۆ عێراق قەدەغەکرا


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵیی بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆییەوە راگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلولی 2025، مەهدی سەهر جبوری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەرنامەی ستراتیژی وەزارەت بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و لەرێگەی ساڵنامەی کشتوکاڵییەوە هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵ قەدەغە کراوە، ئەمەش بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی سەقامگیری نرخە بۆ هاوڵاتییان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان، پێویستە چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخهێنانی کاڵاکان بۆ ناو عێراق توندتر بکرێتەوە".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتی، "لە رێگەی ساڵنامەی کشتوکاڵییەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ کاردەکات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە نرخ و بەرهەمەکان لەنێوان بەرهەمهێنەران و بەکاربەران، لە ئەگەری زۆربوونی بەرهەمێکدا هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری کەمی بەرهەمێکدا هاوردەکردن رێگەپێدراوە و ئەمەش لە هەموو وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێت".

وتیشی، "باجی گومرگی بۆ زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت بۆئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بفرۆشێت و جوتیاران زیانیان پێنەگات".


PM:07:26:17/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو