فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان: هێرشی ئه‌لیكترۆنی كرایه‌سه‌ر چه‌ند سیستمێكی حكومه‌تی عێراق
وێستگه‌نیوز –
خانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه هێرشی ئه‌لیكترۆنی سنووردار كرایه‌سه‌ر چه‌ند سیستمێكی حكومه‌ت، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێكی له‌كاركه‌وتن تۆمار نه‌كرا.
خانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌ندێك له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵێكیان بڵاوكرده‌وه كه زانیاری نادروستیان له‌خۆگرتبوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێرشی ئه‌لیكترۆنی كراوه‌ته‌سه‌ر سیسته‌مه‌كانی حكومه‌ت.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه كه "سه‌نته‌ری نیشتمانی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی دووپاتی كرده‌وه كه له به‌دواداچوونی ته‌كنیكیدا ده‌ركه‌وتووه كه هێرشه‌كه سنووردار بووه بۆسه‌ر ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌ش به هاووڵاتیان ده‌كرێت دروست بكات. هیچ له‌كاركه‌وتن یان راگرتنێك له كاركردنی سیسته‌مه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری تۆمار نه‌كرا".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "سه‌نته‌ره‌كه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ته‌كنیكییه په‌یوه‌ندیداره‌كان، به وردی چاودێری ئه‌م هێرشه ئه‌لیكترۆنییانه ده‌كات و ڕێوشوێنی ته‌كنیكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ دڵنیابوون له كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه و رێگریكردن له دروستبوونی هه‌ر جۆره كاریگه‌رییه‌ك له ئاینده‌دا".
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان داوا له میدیا و به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا ده‌كات كه وردبن له گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و زیاده‌ڕه‌وی له‌م جۆره رووداوانه نه‌كه‌ن.
وتیشی: "پێویسته پشت به لێدوانی فه‌رمی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ببه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه به‌دوور بگرن كه ره‌نگه بیروڕای گشتی بشێوێنێت".
لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌وباره‌وه رایانگه‌یاند كه "هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هاككردن یان به‌ئامانجگرتنی سیسته‌می حكومه‌ت، یان بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و زیاده‌ڕه‌وی، ڕێكاری یاسایی توندی له‌دژ ده‌گیرێته‌به‌ر و هه‌ركه‌سێك ده‌ستی له‌م جۆره كارانه‌دا هه‌بێت، دادگایی ده‌كرێت، چونكه ئه‌م كارانه به تاوانی ئه‌لیكترۆنی داده‌نرێت كه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی دروست ده‌كات".
سه‌نته‌ری نیشتمانی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه دۆخی ته‌كنیكی له‌ژێر كۆنترۆڵی ته‌واودایه، و كاره‌كان به‌رده‌وامن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پاراستنی فه‌زای ئه‌لیكترۆنی نیشتمانی و دڵنیابوون له به‌رده‌وامی خزمه‌تگوزارییه‌كان و دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان.
AM:09:52:13/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت