سوودانی و شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق تایبەت بە پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان
وێستگەنیوز_
بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانزمێکی نوێ تایبەت بە پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق، دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوومی 2025، کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق لە بارەی پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە نوێنەرانی دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی دارایی فیدراڵی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشدارن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو میکانیزمە نوێیە بکەن کە دەتوانن چارەیەکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە پرسی داهاتی ناوخۆ بدۆزنەوە.
لە ئێستاشدا گفتوگۆکان بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ئەم پرسە بدرێت. ئەگەر لەم کۆبوونەوانەدا ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا پرسەکە دەبرێتە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەگەری نەدۆزینەوەی چارەیەکی گونجاو بۆ پرسەکە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، ئەگەر هەیە پرسەکە "ئەنجوومەنی دەوڵەت"ـی بڕیاری لەسەر بدات و یەکلایی بکاتەوە.
PM:05:17:07/09/2025
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت