سۆمۆ: سزا نەوتییەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە بەندەرەکان و هەناردەی نەوتی عێراقەوە نییە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی تەممووزدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی بەسەر تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتی ئێران لەژێر ناوی عێراقدا راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە تۆڕەکە لەلایەن بازرگانێکی عێراقی سەلیم ئەحمەد سەعیدەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەری سۆمۆ رایگەیاند، ئەو سزا نەوتییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراون، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق ناگرێتەوە.

عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە میدیای عێراقی راگەیاندووە، ئەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دەرچووە، پەیوەندی بە بەندەرەکان و هەناردەی نەوتی عێراقەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسایەتییانەوە هەیە کە خاوەن کۆمپانیای تایبەت و گواستنەوەن، بۆیە ئەمانە پەیوەندییان بە کۆمپانیای سۆمۆوە نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە پابەندین بە هەموو ڕێنمایی و بڕیارێکەوە بۆ پاراستنی سامانەکانی عێراق.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، "تۆڕێک لە کۆمپانیاکان کە لەلایەن بازرگانێکی عێراقییەوە بە ناوی سەلیم ئەحمەد سەعید بەڕێوەدەبرێت، لانی کەم لە ساڵی 2020ـەوە بە بەهای ملیارەها دۆلار نەوتی ئێران دەکڕن  و تێکەڵاوی نەوتی عێراق دەکەن و دەیفرۆشن."

دووپاتیشی کردەوە کە، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران، هەورەها گوشارە ئابوورییەکان بۆ تێکدانی سەرچاوە داراییەکانی سووتەمەنی زیاتر دەکات."

پێشتریش وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە کردبوو کە، "ئێران بەڵگەنامەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ساختە کردووە و ناوی عێراقی بەکارهێناوە بۆ هەناردەکردنی نەوت، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی عێراق واشنتنی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەوان بەرپرسیار نین لەم بارانە و سۆمۆ لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری سەرجەم بارەکانی خۆی دەکات."


PM:03:18:07/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو