پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوادەخرێت
وێستگەنیوز-
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق رێککەوتن لەسەر دواخستنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی و کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.
عودەی خدران، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دواخستنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، "دواخستنی پرۆژە یاساکە بە واتای گواستنەوەی دێت بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو نەک هەڵوەشاندنەوەی، چونکە ئەم کارە هەرگیز روونادات، گرنگ نییە چەندە فشارەکان زۆر بن و ئارەزووەکان چۆن بن، جا ناوخۆی بن یان دەرەکی".
پڕۆژە یاسای نوێی حەشدی شەعبی لە 18 مادەی سەرەکی پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی ماوە، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا و دژایەتیکردنی بۆ پەسندکردنی یاساکە، دواجار عێراق پاشەکشەی کرد و یاساکەی کشاندەوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.
یاساکە کێشەیەکی زۆری دروستکردبوو بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر پێکهاتە و رۆڵی داهاتووی حەشدی شەعبی. هەندێک لایەن دەیانویست تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێت، بەڵام هەندێکی دیکە دژی ئەمە بوون، هاوکات فشاری ئەمریکاش کاریگەری هەبوو.
PM:03:36:01/09/2025
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت