وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق هەنگاوێکی سروشتییە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق بە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەش هەنگاوێکی سروشتییە.

ئەمڕۆ شەممە 30ی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق رایگەیاند، "بەپێی راگەیەندراوی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بێت کە لە مانگی ئەیلولی 2024 بڵاوکرایەوە و تێیدا خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق راگەیەندرا، هێزی هاوپەیمانان بەپێی ئەو خشتە کاتییەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کار بۆ گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق."

ئاماژە بەوەکراوە، "وەک لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی سروشتییە، چونکە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ پەیوەندییەکی ئاسایشی دوولایەنەی نەریتی دەگۆڕێت".

دوێنێ کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێت".

بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بێت کە لە ساڵی 2024 واژۆکراوە، قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن لە مانگی ئەیلولی 2025 کۆتایی دێت و قۆناغی دووەمیش لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.

لەدوای شەڕی داعش لە ساڵی 2017وە نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق ماونەتەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکە، لەژێر ئەرکی مەشق و راوێژکاری و پشتیوانی بۆ هێزە عێراقییەکان، بەڵام مانەوەی ئەم سەربازانە بەشێک لە کوتلە چەکدارەکان و لایەنە سیاسییەکانی لایەنگری ئێرانی لەو وڵاتە توڕە کرد، ئەمەش وایکرد بەغدا ساڵی رابردوو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق.


PM:03:09:30/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت