عەجاج: بە بەرنامە زیندانییەکانمان برسی دەکرد و دەستدرێژی سێکیسیمان دەکردە سەریان
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
"من کچێکی بچووک بووم کاتێک باوک و دایکم و برا ىچووکەکەم لە زیندانی نوگرەن سەلمان لەدەستدا، پاشماوەی خراپبوومان دەخوارد و زۆر برسی بووین، منداڵەکانمان بە دەستمان لە نزیک دیوارەکان دەناشت و ڕۆژانە تووشی دەستدرێژی و زەلیلکردن دەبووینەوە".
بەم قسە ترسناکانە، فەزیلە حسێن، یەکێک لە رزگاربووانی نوگرە سەلمان و کەسوکاری شەهیدانی زیندانییەکە وردەکارییەکانی کارەساتێک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ هەزاران زیندانی کورد لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تووشی بووە.
فەزیلە یەکەم کەس بووە کە سکاڵای لەسەر ئەفسەری پێشووی بەعس، عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی تۆمارکرد و رایگەیاند، "هەرگیز ئەو تاوانانەی بەرامبەرمان ئەنجام درا لەبیری ناکەین، دەبێت هەموو تۆمەتباران رووبەڕووی سزای خۆیان ببنەوە و ئەوانەشی هەڵاتوون، دەستگیربکرێن."
عـەجاجی نوگرەسەلمان یەکەمجار و دوای دەستگیرکردنی دان بە زۆرێک لەو تاوانانەدا دەنێت کە دەرهەق بە زیندانیکراوانی نوگرەسەلمان ئەنجامیداوە و دەڵێت، "رۆژانە بە بەرنامە زیندانییەکانیان برسی کردووە و دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەریان".
عەجاج لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق، نکۆڵیی لە بەرپرسیاریەتیی ئەو تۆمەتانە نەکردووە، کە رووبەڕووی کراونەتەوە، بەڵکو دانی بەوەدا ناوە کە "بە بەرنامە رۆژانە هەڵمەتی برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییەکانیان وەکو ئامرازێکی کوشتنی بە کۆمەڵ هەبووە."
لە بەشێکی دیکەی دانپێدانانەکەیدا، عەجاج باس لەوە دەکات کاتێک ئیدارەی بەندیخانەی نوگرە سەلمانی وەرگرتووە، 400 زیندانیی عەرەبی تێدابووە؛ ئەوانیان گواستووەتەوە و لە شوێنیان 3000 زیندانیی کوردی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێریان هێناوەتە بەندیخانەکە.
هەروەها نەیشاردووەتەوە کە، "برسیکردنیان وەکو چەکێکی جەنگیی وێرانکەر بەکارهێناوە، کە لە بۆردوومانی سەربازی کەمتر نەبووە و تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە."
عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی، لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە و دەرچووی خولی 7ـی کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانییە. لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی هەولێر، رومێسە، نەجمی، بسیە و موسەننا کاری کردووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتیی بەندیخانەی نوگرە سەلمان. لەگەڵ زیندانییەکان زۆر دڵڕەق بووە، بۆیە زیندانییەکان ناسناوی "حەجاج"یان لێناوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ تووندوتیژی و دڵ ڕەقییەکەی.
AM:11:27:21/08/2025
ئهم بابهته 1068
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت