ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: هەفتەیەک بۆ جێبەجێکردنی خاڵی داواکراوی ناردنی مووچە دانراوە


وێستگەنیوز_

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە لیژنەکانی هەولێر و بەغدا لە کارەکانیاندا بەردەوامبن و هەفتەی داهاتووش لیژنەکان راپۆرتێک لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادە دەکەن.
 
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەقی بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی خوێندەوە و رایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی خرایەڕوو لەلایەن لیژنەی وزاریی پێکهێنراو بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بەشێوەی سەرەتایی بۆ نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە 550 بۆ ساڵی 2025 بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران.''


ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت رەچاوی چەند خاڵێک بکرێت لەوانە: "تەواوکردنی کاری لیژنەکان بەپێی بڕگەکانی چوار و پێنج و شەش لە بڕیاری 550ی ئەنجوومەنی وەزیران، تاوەکو ئەوکاتەی لیژنەکان لەماوەی هەفتەیەکدا راپۆرت بەرزدەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق". هەروەها حکومەتی عێراق داوا دەکات کارەکانی تیمی پێکهێنراو لەماوەی هەفتەیەکدا تەواو بکرێت لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و رەچاوکردنی ئەو داهاتە و دانانی لە خەزێنەی گشتیی حکومەتی عێراق.''
 
هەروەها "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن پابەند بکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بەپێی یاسای بودجەی گشتی و بڕیاری 550ـی ساڵی 2025.''
 
حکومەتی عێراق شێوەی "سەرەتایی" بۆ خەرجکردنی مووچە داناوە تاوەکو ئەو خاڵانە جێبەجێ دەکرێت، ماوەی هەفتەیەکیشی بۆ لیژنەکان داناوە بۆ تەواوکردنی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی راپۆرت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ئەو خاڵانەی داوای کردوون.


PM:09:36:19/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 1624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو