ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر مووچەی مانگی شەش دەدات
وێستگەنیوز-
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و پرسی ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلابکرێتەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا نە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و نە حکومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ هەرێم داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت.
دوێنێ دووشەممە دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت و داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا نەکات بیانووێک لە بەردەستی حکومەتی عێراق هەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم تاوەکو کۆتایی ساڵ پابەندبن بەو رێککەوتنەی کە لە نێوانیاندایە، ئەوا تاوەکو کۆتایی ساڵ کێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت".
بەپێی رێککەوتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت، دەبێت مانگانە هەرێم 120 ملیار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات، هەروەها هەناردەکردنی نەوت وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی پێداوە، "بەپێی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت".
AM:08:38:19/08/2025
ئهم بابهته 620
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت