ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبێتەوە
وێستگەنیوز-
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە، پرسەکانی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داهاتی ناوخۆی هەرێم تاوتوێ بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئابی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز بێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێی ئەو دوو کۆنووسە دەکرێت کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردن یان نەناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکات.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت.
بەپێی رێککەوتنی نوێی نێوان هەرێم و بەغدا بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، هەروەها مانگانە بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکان بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان کەمی کردووە ئەمەش وادەکات هەرێم نەتوانێت پابەندی رێککەوتنەکە بێت.
AM:08:41:10/08/2025
ئهم بابهته 684
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت