سودانی: 41 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له پۆسته‌كانیان لابران و 4 وه‌زیریش رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9ی ئابی 2025، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌سه‌ركارلابردنی 41 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ره‌وانه‌كردنی 4 وه‌زیری بۆ دادگا راگه‌یاند.
له وتارێكدا له میانی كۆنفرانسی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای حكومه‌ت، سودانی وتی: "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چاكسازی و پێشخستنی دامه‌زراوه‌كانمان كردووه به ئامانجێكی سه‌ره‌كی".
وتیشی: "كارنامه‌ی حكومه‌ت به‌بێ ئامرازی كاریگه‌ر و سه‌ركه‌وتوو ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ به‌رپرسانی باڵای ده‌وڵه‌ت كرد و په‌نامان بۆ هیچ بڕیارێكی به‌په‌له نه‌برد. لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنێكی شه‌فافانه‌ی بۆ ئه‌دای به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و راوێژكاران و وه‌زیره‌كان ئه‌نجامداوه".
باسی له‌وه‌شكرد كه "لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه له مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان پێكهاتووه، منیش به شێوه‌یه‌كی شه‌خسیی سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانیم كردووه. له پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندندا كارمان له‌سه‌ر ده‌ستپاكی و بێلایه‌نی كرد، دوور له به‌ئامانجكردن".
روونیشی كرده‌وه، "له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی لیژنه‌كه بڕیاری ده‌ركردنی هه‌ندێك له به‌رپرسان و چه‌سپاندنی هه‌ندێكی دیكه درا. لیژنه‌كه هه‌زار و 135 هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامداوه، به‌و هۆیه‌وه 41 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه و ئەرکی (89) وەزیری بە وەکالەت کۆتایی پێهات".
ناوبراو له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رپرسان وای لێكردین به‌دواداچوون بۆ پڕۆژه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی بكه‌ین. لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن پێشنیاری كرد له كابینه‌ی ده‌وڵه‌تدا شه‌ش وه‌زیر بگۆڕدرێن، به‌ڵام به‌هۆی ئاسته‌نگی سیاسییه‌وه نه‌توانرا گۆڕانكاری له وه‌زیره‌كاندا بكرێت".
ئاشكراشیكرد كه "چوار وه‌زیر به‌هۆی ئاماژه و گومانه‌كان له ئه‌دای كاره‌كانیان ره‌وانه‌ی دادگا كراون".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشیگه‌یاند كه "ئێمه لایه‌نه كه‌مته‌رخه‌مه‌كانمان ده‌ستنیشانكردووه و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر وه‌زیره‌كان په‌سه‌ندكرد و ئێستا له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدان".
PM:02:48:09/08/2025
ئه‌م بابه‌ته 656
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت