سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکان چەند بڕیارێکیان دەرکرد
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشایەوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکی هاوبەشیان دەکرد.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2025، کۆبوونەوەکە لەنێوان، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی بەشێک فراکسیۆنەکان پەرلەمانی عێراق بووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕیار درا، ئەوانیش:
1. پێویستیی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە رێکوپێکی، بەوپێیەی بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانییە و ناکرێت دوابخرێت.
2. ئەو فراکسیۆنانەی بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە بگەڕێنەوە و بەشدارییەکی کارایان هەبێت.
3. سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاردەدات بە جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانەی بەبێ پاساو ئامادە نابن، تاوەکو دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییان؛ ئەمەش لە پێناو پاراستنی کارایی دامەزراوەی یاسادانان و رێزگرتن لەو متمانەیەی خەڵک پێی بەخشیون.
هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، "تەواوبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بەردی بناغەیە بۆ تەواوکردنی ئەرکە دەستوورییەکان، لەپێش هەمووشیانەوە دەنگدان لەسەر ئەو یاسا و بڕیارانەی کە توێژێکی عێراق چاوەڕوانی دەکەن".
ئەمڕۆ شەممە 2ی ئابی 2025، بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و عەرەب بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد و کۆبوونەوەکە هەڵوەشایەوە، دواتر بڕیاردرا هەر پەرلەمانتارێک کە ئامادەنەبووە بڕی یەک ملیۆن دینار لە مووچەکەی ببڕدرێت.
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 3ی ئابی 2025، بە هەمان بەرنامەی کاری ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە.
خشتەی کارەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دانیشتنەکەی سبەی:
1- دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنەوەی هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی ژمارە 4ی ساڵی 2015.
2- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی دوولایەنە بۆ وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و سعودیە.
3- دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای یەکەمی بناغەکانی هاوتاکردنی بڕوانامە باڵاکان و بڕوانامەی ئەکادیمی عەرەبی و بیانی ژمارە (20)ی ساڵی 2020.
4- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
5- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
6- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای زانکۆی عێراق بۆ زانستە ئەمنییەکان.
7- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013.
8- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانییانی سەنتەری ئەلنەقا و قوربانییانی رووداوی حەمدانییە.
9- خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە.
PM:11:35:02/08/2025
ئهم بابهته 948
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت