وەزارەتی نەوتی عێراق:لە چەند رۆژی داهاتوودا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە
وێستگەنیوز-
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، گفتوگۆکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 31ی تەموزی 2025، د. ساحب بەزوون، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "گفتوگۆکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی و بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "شاندەکان بەردەوامن لە گفتوگۆکردن، هەناردەکردنەوەی نەوت زۆر دواکەوتووە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی".
پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاوەکو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە. گفتوگۆکان لەبارەی ئەوەیە کە ئایا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەست بکرێت یان ئەو بڕەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە 280 هەزار بەرمیلە 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و ئەوی دیکەی بۆ هەناردەکردن.
رۆژی 30ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە، هاوکات بڕیاردرا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە بگرێتە ئەستۆ کە نەوتەکەیان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 6 و 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ خەرجکردنەکەی دیارنەکراوە، بەپێی زانیارییەکان بێت حکومەتی عێراق داوای رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ لە هەرێم دەکات بۆ خەرجکردنی مووچە.
PM:11:03:31/07/2025
ئهم بابهته 852
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت