كۆمسیۆن واده‌ی پێدانی ژماره‌ی به‌ حزب و هاوپه‌یمانێتییه‌كان دیاریكرد


وێستگه‌نیوز- 
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق واده‌ی راكێشانی تیروپشكی بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ حزب و هاوپه‌یمانی و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكانی‌ به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردن دیاریكرد، ده‌شڵێ: "15 رۆژی‌ تر پرۆسه‌ی‌ وردبینیكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌كان ته‌واو ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لێدوانێكدا كه‌ میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، وتی‌: "كۆمسیۆن به‌رده‌وامه‌ له‌ كاره‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ 11ی تشرینی‌ دووه‌می‌ داهاتوودا".

وتیشی‌: "رۆژی 5ی ئابی 2025، وه‌ك واده‌ی راكێشانی تیروپشك بۆ پێدانی‌ ژماره‌ به‌ حزب  و هاوپه‌یمانی و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان دیاریكراوه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ پرۆسه‌ی وردبینیكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌كان به‌رده‌وامه‌ و كۆمسیۆن پێویستی به‌ 15 ڕۆژه‌ بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌كه‌. وردبینیكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان كه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر كورسی گشتی و پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن ته‌واو بووه‌ و ره‌وانه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌.

راشیگه‌یاند كه‌ تائێستا له‌ ته‌واوی عیراق 7 هه‌زار و 926 كه‌س وه‌ك كاندید ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج هه‌زار و 701 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و دوو هه‌زار و225 كاندیدیش له‌ ره‌گه‌زی مێن".

بڕیاره‌ له‌ 11ی تشرینی‌ دووه‌می‌ 2025، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ڕێوه‌بچێت و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌.


PM:05:04:15/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت