کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ناردنی مووچە دەستیپێکرد


وێستگەنیوز_

کەمێک لەمەوبەر، کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ناردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەمووزی 2025، کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، کە ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە نەنێدراوە.

هاوکات، داوا لە دادگا دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بکرێت مووچە بنێرێت و ئەو پرسە تێکەڵی کێشمەکێشمە سیاسییەکان نەکرێت.

لایەنە سیاسییەکان بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چەند کێشەیەکیان خوڵقاندووە، هەروەها داواکارییەکانی دادگای فیدراڵی و هۆکارە تەکنیکییەکان، ئەو سێ گرێ کوێرەیە کە بڕیارە یەکلایی بکرێتەوە.

کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی سێ تەوەر لە خۆدەگرێت، یەکەمیان پەیوەستە بە سکاڵایەک لەسەر دانانی سەرۆکایەتییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق، بەڵام تەوەری دووەم و سێیەم کە دادگا گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، کە سکاڵایەکی فەرمانبەران هەیە لەسەر ناردنی مووچە و دەرکردنی بڕیارێکی وەلائی، تەوەرەکەی دیکە ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسیی نەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی 7ـداین، تاوەکو ئێستا، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 5 و 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە نادیاری ماوەتەوە.



AM:10:38:14/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت