دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
وێستگەنیوز-
بڕیارە دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ تایبەت بە دوو سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بێت، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەموزی 2025، دانیشتنی دادگای فیدراڵی تایبەت بە دوو سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، سکاڵاکار داوای پووچەڵکردنەوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات کە لە 2ی کانونی یەکەمی 2024 ئەنجام دراوە.
هۆکاری سکاڵاکە ئەوەیە کە لەو دانیشتنەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، بەمەش دوای تێپەڕبوونی 45 رۆژ بەسەر پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پەرلەمان بەپێی یاسا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
داواکارییەکانی ئەم سکاڵایە بریتین لە:
1- هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
2- گەڕاندنەوەی هەموو مووچە و ئیمتیازاتێک کە 97 پەرلەمانتارە نوێیەکە وەریانگرتووە.
3- پابەندکردنی کۆمیسیۆن بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی نوێ لە نزیکترین کاتدا.
هەروەها سکاڵای دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و دوو ئەندامی دیکەی هەمان جوڵانەوەکە تۆمار کراوە.
ئەم سکاڵایە داوا دەکات دادگە بڕیار بدات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات.
AM:09:17:13/07/2025
ئهم بابهته 788
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت