د. لەتیف رەشید: هەڵوێستی ئیسپانیا لە پشتیوانیکردنی دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین بەرز دەنرخێنین
وێستگەنیوز_
لە میانەی ئاهەنگی پێشوازیکردنی وەفدەکانی بەشداربووی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لە سیڤیلیا لەگەڵ پاشا فیلیپی شەشەم و شاژن لێسیای هاوسەری کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک، لە دیدارەکەدا "سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم ستایشی هەڵوێستی ئیسپانیایان کرد لە پشتیوانیکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین".
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پەرۆشی خۆی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و پیشخستنی هاریکاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بکات، هیواشی خواست، کۆنفرانسەکە راسپاردەیەک بەرهەم بهێنێت کە خزمەت بە خواستەکانی گەلان بکات بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیران، چوارەمین کۆنفرانسى دارایی بۆ گەشەپێدان بەبەشداریى ژمارەیەک لە سەرۆکى وڵاتانى جیهان لە ئیسپانیا دەست بە کارەکانى دەکات و سەرۆک کۆمارى عێراق بە نوێنەرایەتیى عێراق وتارێک لە کۆنفرانسەکە پێشکەش دەکات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی نەتەوەیەکگرتووەکان، چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دارایی بۆ گەشەپێدان (FFD4) لە 30ی حوزەیران تاوەکە 3ـی تەمموزی 2025 لە ناوەندی پێشانگە و کۆنفرانسی لەFIBES لە شاری سێڤیلیای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە هەم ئەنجامێکی دانوستاندن و رێککەوتنی نێوان حکومەتەکان و پوختەی کۆبوونەوەکان و وردبینییەکانی دیکەی کۆنفرانسەکەدا دەبێت، کە لە راپۆرتی کۆنفرانسەکەدا جێگیر بکرێن.
رێکخراوی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان (DESA)، لە رێگەی نووسینگەی دارایی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، و ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC) پشتگیری کۆنفرانسەکە و پرۆسەی ئامادەکارییەکەی دەکەن.
کۆنفرانسەکە لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا بەڕێوەدەچێت، لەوانە سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت، وەزیرە پەیوەندیدارەکان – وەزیرانی دارایی، کاروباری دەرەوە، و هاوکاری پەرەپێدان – و نوێنەرانی تایبەتی دیکە.
AM:09:36:30/06/2025
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت