هۆشدارییەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە لەبارەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدەرانەوە
وێستگەنیوز_
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەگەر بسلەمێنرێت هەر کاندیدێک دەستی لە کڕینی کارتی دەنگدەراندا هەیە؛ لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کۆمیسیۆن ڕای گشتی ئاگادار دەکاتەوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریی لە هەر پێشێلکارییەک دەگرنە بەر کە مەترسی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دروست بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، "هەموومان دەزانین کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەران یان هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، تاوانی هەڵبژاردنن، کە بە یاسا سزا دەدرێن، ئینجا سەرپێچیکارەکە دەنگدەر بێت یان کاندید، هاوپەیمانی بێت، یان لایەنێکی سیاسی."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر ئەگەر سەلمێنرا ئەو پیشێلکارییانەی کردووە، هەروەها کۆمسیۆن سەرپێچیکارەکە 'ئەگەر کاندید بێت' لە هەڵبژاردن دووری دەخاتەوە و پەسەندکردنی هاوپەیمانی، یان لایەنە سیاسییەکەش هەڵدەوەشێنرێتەوە."
هەرچەندە چەند جارێک دەنگۆی ئەنجامنەدانی بڵاوبووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا بڕیارەکە بەم جۆرەیە، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە رۆژی 11ـی 11ـ 2025، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت".
PM:04:43:29/06/2025
ئهم بابهته 664
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت