پوتین بۆ سودانی: ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، سودانی جەختی لەسەر رەتکردنەوەی روونی عێراق کردەوە لە دەستدرێژییەکانی زایۆن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و پەرەسەندنی مەترسیدار و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئەمریکا، ئەمە جگە لە سەرکۆنە کردنی عێراق بەهۆی پێشێلکردنی ئاسمان"ـییەوە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و زایۆن"ـەوە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیکردن لە هەنگاوەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەری، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نیۆدەوڵەتی رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ راگرتنی جەنگ، هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی خستنەگەڕی هەوڵی دیپلۆماسی زیاتر، ئەمە سەرەڕای نەبوونی متمانە بەهۆی ئەو دەستدرێژییەوە کە کاریگەری لەسەر رەوتی دانوستانەکان کرد.
وەک ئاماژەی پێدراوە، لە گفتوگۆکاندا بەردەوامی جەنگی جینۆساید لە کەرتی غەززە خرایەڕوو، کە پێویستی بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی کاریگەر هەیە، بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن لە فەڵەستین و کۆتایی هێنان بە مەینەتییەکانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی، کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە.
نووسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەدا، لە لای خۆیەوە سەرۆکی رووسیا لەمیانی پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگی کۆتاییهێنان بە پەرەسەندن و ئەو هەوڵە تایبەتانە کردەوە کە سودانی لەم چوارچێوەیە داوێتی، لەهەمان کاتدا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاسمان و سەروەری عێراقی، هەروەها پوتین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی عێراق لە میوانداریکردنی لوتکەی عەرەبی و جەختی لەسەر بانگهێشتەکەی بۆ عێراق کردەوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی رووسیا عەرەبی، کە بڕیارە لە 15ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە میانەی گفتوگۆکاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پتەوکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست، بەتایبەتی هەماهەنگی لە بواری نەوت و گاز لە چوارچێوەی گروپی ئۆپێک پڵاسدا.
PM:02:51:23/06/2025
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت