وتەبێژی حکومەتی عێراق: نیگەرانین لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
وێستگەنیوز-
حکومەتی عێراق لە پەیامێکدا نیگەرانی قوڵ دەردەبڕێت و ئیدانەی بە ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ناوخۆی ئێران دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی عێراق نیگەرانیی قوڵی خۆی لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ناوخۆی ئێران دەردەبڕێت و بە توندی هێرشەکان سەرکۆنە دەکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بێت"،جەختی لەوەکردەوە، ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و سەقامگیریی ناوچەکە بە شێوەیەکی جدی دەخاتە مەترسییەوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، "شەڕەکان جگە لە وێرانکاری هیچی تر لە دوای خۆیان بەجێناهێڵن، هەروەها دەبێت بەرپرسیارێتی وڵاتە زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر رزگارکردنی جیهان لەم قەیرانە زیاتر بێت نەک ئاگرتێبەردانیان".
عەوادی ئاماژەی بەوەدا، "عێراق بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای کەمکردنەوەی خێرای توندوتیژی و کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی قەیران و دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە هێرشێکی زۆر سەرکەوتوومان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانی لەخۆگرتبوو".
AM:09:20:22/06/2025
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت