مالیكی بۆ باڵیۆزی ئێران: عێراق پشتیوانتانه
وێستگه‌نیوز -
نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانوون به باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له به‌غدای راگه‌یاند كه عێراق پشتیوانی‌یان ده‌كات.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له نووسینگه‌ی خۆی پێشوازی له محه‌مه‌د كازم ئه‌لسادق باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له عێراق كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له‌م دیداره‌دا باس له پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به تایبه‌ت ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی زایۆنیسته‌كان بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆی ئه‌و وڵاته بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه تاووتوێ كرا".
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌توندی ئیدانه‌ی "ئه‌م ده‌ستدرێژییه دڕندانه"ی كرد و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌م كاره ئیستفزازییانه په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیدارن و هه‌ڕه‌شه‌ی لێكه‌وته‌ی ترسناكیان بۆسه‌ر ئاشتی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه مالیكی جه‌ختی له گرنگی به‌هێزكردنی هاوكاری نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه هاوبه‌شه‌كان و پێویستی په‌سه‌ندكردنی وتووێژ و لێكتێگه‌یشتن وه‌ك ئامرازێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان كرده‌وه.
مالیكی جه‌ختیشی له پشتیوانی عێراق بۆ گه‌لی ئێران كرده‌وه له به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و سه‌روه‌رییان بكات.
لای خۆیه‌وه باڵوێزی ئێران ستایشی پاڵپشتی مالیكی بۆ مافی ئێران له به‌رگریكردن له ئاسایشی خۆی كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كان و چڕكردنه‌وه‌ی ڕاوێژكارییه هاوبه‌شه‌كان له ژێر ڕۆشنایی پێشهاته‌كانی ئێستادا كرده‌وه.
PM:03:12:17/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 324
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت