سودانی هاودەنگی عێراق بۆ ئێران دووپاتدەکاتەوە، داوای راگرتنی شەڕ دەکات
وێستگەنیوز-
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاودەنگی عێراق بۆ ئێران دووپاتدەکاتەوە و داوای راگرتنی دەستدرێژی و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە دەکات.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025، سودانی پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکی کرد کە لە عێراق چالاکی دەکەن، هەروەها باڵیۆزی ئوسترالیا و تورکیا".
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەکردەوە "حکومەتی داگیرکەری زایۆنیستی دان بە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان نانێت و لە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات"، ئاماژەی بە شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی لە ئەستۆدایە.
سودانی روونیکردەوە، "عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دەکات رۆڵی خۆیان بگێڕن لە راگرتنی ئەم دەستدرێژییە و پەسەندکردنی چارەسەرێکی ئاشتیانە لەڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکە لەڕێگەی چەندین پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان".
ئاماژە بەوەدراوە، "سودانی هاوسۆزی تەواو لەگەڵ ئێران دەربڕی کە نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی گرنگ و سەروەری ناوچەیی و ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، دەستدرێژی زایۆنیستی لەدژی ئێران شەرمەزار کرد و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی عێراقی زانی".
روونیشی کردەوە، "پێشێلکردنی یاساکانی ئەو قەوارەیە بەم شێوەیە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت"، دووپاتیکردەوە، هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بە سەروەری عێراق بکرێت رەتی دەکەنەوە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ئیسرائیل بە مەبەستی کێشانی نەخشەیەکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی فراوانکردنی مەودای شەڕ لە ناوچەکە دەدات"، هەروەها سودانی مافی ئێرانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بە پێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە.
PM:02:45:16/06/2025
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت