وەزارەتی نەوتی عێراق: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت بەرپرسە
وێستگەنیوز_
وەزارەتی نەوتی عێراق حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەردەوامی بە قاچاخبردنی نەوت؛ و داواش دەکات نەوت رادەستی بەغدا بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی 6ـی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان دەکاتەوە و داوای دەستبەجێی رادەستکردنی نەوتەکەی دەکات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت بەرپرسە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات، بۆ هەناردەکردنی و گەڕانەوەی داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی گشتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "پێشتر وەزارەت چەندین جار لە رێگەی نووسراوی فەرمی و شاندی تایبەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و پەلە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەمەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام بێ سوود بووە."
راشیگەیاندووە، ڕادەستنەکردنی نەوت زیانی دارایی بەرچاو بە عێراق دەگەیەنێت و ناوبانگی عێراق و پابەندبوونە نەوتییەکانی دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتەکە دەشڵێت، پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و یاساوە بووەتە هۆی کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق و زیانی لە خەزێنەی گشتی گەیاندووە.
AM:08:32:05/06/2025
ئهم بابهته 1312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت