چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جەخت لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 2ی حوزەیرانی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و خزمەتگوزارییەکان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

لە راگەیەندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەکە تیشکی خستووەتە سەر دۆسییەی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەسەر گرنگی "چارەسەرکردنی هەموو پرسێکی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی حوکمڕانی" کردووەتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، "حکومەتى فیدراڵى پەرۆشە بۆ مافى سەرجەم هاوڵاتییان و هەوڵدانى جدى بۆ لابردنى سەرجەم بەربەستەکان".

بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران چارەسەری سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە چوارچێوەی هەماهەنگی بە پێویستی دەزانێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و داواش لە هاوڵاتییان دەکات کارتی دەنگدانیان نوێ بکەنەوە و بەشداری لە پرۆسەکە بکەن.


AM:08:41:03/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو