وەزارەتی نەوتی عێراق: رێگر نین لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەڵام دەبێت پرسمان پێبکەن


وێستگەنیوز_

رۆژی 19ـی ئایارى 2025، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەست لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای  ئەمریکی بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کران، وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، "هیچ رێگری و تێبینییەکمان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئێمە نادەستوورییە".
 
ئەمڕۆ هەینى 23ـی ئایارى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە."
  
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشووتر رایگەیاندبوو، رێکارەکانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رەتدەکەنەوە. 
 
لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."


PM:02:12:23/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت